بەغدا چاوەڕوانی شاندەکەی هەرێمی کوردستانە
بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا بۆ کۆبوونەوە و گفتۆگۆکردن سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت پرسی ناردنی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
عەلی عەللاق ، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە کارنامەی خۆمان ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەو چاوەڕێی شاندی کوردین، بەڵام هیچ زانیارییەکمان نییە شاندەکە بۆ تائێستا نەهاتوون".
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دوای بڕیاری بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی تازەی عێراق ماوەی سێ مانگیان دیاریکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، عەبادیش چەند جارێک جەختیکردووەتەوە کە ئەو ئامادەیە بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام هێشتا کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو دیارنییە بە چوونی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چی دەگۆڕێت.
رووداو
