گروپێکی چەکداری شیعە: هاتنی هێزی ئەمریکی بۆ عێراق هێڵی سوورە
نەعیم عەبود، گوتەبێژی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق راشیگەیاند:
"وەک چەکدارانی خۆبەخش و بەرگریکارانی ئیسلامی لە عێراق باوەڕمانوایە کە دەتوانین بەبێ هاوکاری هێزی بیانی رووبەڕووی چەکدارانی گروپی داعش ببینەوە و شکستیان پێبهێنین، ئێمە تەنانەت پێویستمان بە راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکاش نییە، بەڵام ئەمریکا بە ناردنی ئەو راوێژکارانە دەیەوێ دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەربدات".
نەعیم عەبود گوتیشی "پێویستە لەسەر ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەگەر راست دەکەن دەیانەوێ داعش لەناوبەرن سوپای عێراق پڕ چەک بکەن، ئێمە پێویستمان بە هێزی پیادە نییە، چونکە ٥ ملیۆن خۆبەخش هەن لە عێراق دەیانەوێ شەڕی داعش بکەن".
گوتەبێژی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەشدا کە "بەهۆی زۆری ژمارەی خۆبەخشانەوە حکومەتی عێراق ناتوانێ پڕ چەکیان بکات، بۆیە عێراق ئێستا پێویستی بە چەک و وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی تیرۆرە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پێشوەخت رایگەیاند کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە داوایەکی حکومەتی عێراق دەکۆڵنەوە بۆ ناردنی ژمارەیەکی دیکە لە راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا بۆ عێراق بۆ هاوکاریکرنی سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی داعش.
هاوکات بەپێی سەرچاوەکانی رووداو لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین لە عێراق سوپای عێراق و خۆبەخشانی شیعە لە 24 کاژێری رابردوودا شکستیان بە چەند هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارەدێی عامرییەی فەللوجە لە نزیکی بەغدا هێناوە و سوپا ئێستا لە پێشڕەویدایە بەرەو رزگارکردنی شارۆچکەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لە دەستی داعش.
رووداو
