نووسینگەی عەبادی: هەفتەی داهاتوو بودجەی 2014یەكلادەكرێتەوە

 نووسینگەی عەبادی: هەفتەی داهاتوو بودجەی 2014یەكلادەكرێتەوە
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ئەنجوومەنی وەزیران سوورە لەسەر یەكلاكردنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە هەفتەی داهاتوودا.

مەهدی عەللاق، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران سوورە لەسەر یەكلاكردنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنەكە لە سێشەممەی داهاتوو، چونكە لیژنەی تایبەت بە بودجەی 2014 كار لەسەر چارەكردنی گرفتی كورتهێنانی ئەو بودجەیە دەكات".

هاوكات ماجیدە تەمیمی، سەرۆكی لیژنەی دارایی كاتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لیژنەی دارایی كاتیی پێشوەخت ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2015ی تاوتوێ كرد و چاوەڕوانین پرۆژەیاسای بودجەی 2015 لە وادەی دیاریكراوی خۆی رەوانەی پەرلەمان بكرێ و تا كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ لە پەرلەمان پەسەند بكرێت".

لەبەرامبەردا دكتۆر موزهر محەممەد ساڵح، پسپۆری ئابووری و جێگری پێشووی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەمبارەوە رایگەیاند: "پێویستە حكومەتی عێراق لە بری بودجەی 2014 خەم لە پرۆژەیاسای بودجەی 2015 بخوات، چونكە بودجەی 2014 بودجەی ناچارییە و زۆری نەماوە بەسەربچێ، لەكاتێكدا ئامادەكردنی بودجەی 2015 لە وادەی خۆی دواكەوتووە و گرفتی زۆر لەخۆدەگرێ، بەتایبەت بەهۆی دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوت".

ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجوومەنی وەزیران لە دوایین كۆبوونەوەی بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێرق و ئەندامێتی چەند وەزیرێك و راوێژكار لە ئەنجوومەنی وەزیران پێكبهێنێ بۆ پەلەكردن لە ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2014.

هاوكات چەند سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرایان كرد، كە لە 80%ی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2014 و كێشەكانی نێو ئەو بودجەیە چارەسەر كراون.

بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند بودجەی 2014 بودجەی خەرجییەكان دەبێت نەك بودجەی وەبەرهێنان، چونكە عێراق بە قەیرانی دارایی تێدەپەڕێ و حكومەت ئێستا لەخەمی دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزارییە پێویستەكانە بۆ هاووڵاتیانی عێراق.








رووداو
Top