شاندێكی كۆمكاری عەرەبی دەگاتە بەغدا و عەببادیش سبەی لەئێرانە
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی كۆمكاری عەرەبی بە سەرۆكایەتی شێخ سوباح خالید حەمەد ئال سوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت وەك سەرۆكی نۆبەتی 25مین خولی كۆمكاری عەرەبی و ئەندامێتی ئەحمەد ولد تەكدی وەزیری دەرەوەی مۆریتانی و نەبیل عەرەبی سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی سەردانی بەغدا دەكەن.
سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی رایگەیاند: "وڵاتانی عەرەبی و عێراق بەجدیی دەیانەوێت كار بۆ نەهیشتنی تیرۆر بكەن و بڕیاریانداوە كە رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە".
نەبیل عەرەبی گوتیشی: "شاندەكەی كۆمكاری عەرەبی لەگەڵ هەریەك لە فوئاد مەعسووم سەرۆككۆماری عێراق، حەیدەر عەببادی سەرۆك وەزیران و رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیران و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی دیكەی عێراق كۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێداویستییەكانی عێراق بۆ شەڕی تیرۆر".
لەلایەكی دیكەوە بڕیارە سبەی دووشەممە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەببادی و چەند وەزیرێك سەردانی ئێران بكەن بۆ گفتۆگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی.
هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت و قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا و مەلاس محەممەد كەسنەزانی وەزیری بازرگانی یاوەری عەببادی دەكەن.
رووداو
