زێباری یەکەم کاری خۆی وەک وەزیری دارایی ئاشکراکرد
هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، لە دوای سوێندخواردنی لە پەرلەمانی عێراق، لەیەكەم لێدوانی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كار لەسەر تەواوكردنی بودجەی ئەمساڵ دەكەن، تاكو لە كورتترین ماوەدا رەوانەی پەرلەمانی بكەن، چونكە ئێستا كاتییەتی و حكومەت بە بەشداری هەموو لایەنەكان پێكهاتووە".
زێباری روونیكردووەتەوە، کە "باری ئابووری و دارایی گرنگترین بوارە بۆ ئەوەی وڵات گەشەبكات، لەبەرئەوە بە هەموومان هەوڵدەدەین بودجە پەسەند بكرێت".
زێباری هەر لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەدا گوتی، "دوای تەواوكردنی بودجەی ئەمساڵ، خەمی بودجەی ساڵی داهاتوومان دەبێت و یەكسەر دەست بە كاركردن دەكەین بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2015، بۆ ئەوەی بودجەی ساڵی داهاتووش وەك ئەمساڵ دوانەكەوێت".
لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2014ـی پەرلەمانی عێراقدا، وەزیرە كوردەكان و هەردوو وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراق دەنگی پەرلەمانتارانیان بەدەستهێنا و هۆشیار زێباری بە 167 دەنگ بووە وەزیری دارایی.
رووداو
