دەوڵەتی یاسا: كورد خاڵی سەرەكی پرۆسەی سیاسی عێراقە و بەبێ ئەوان سەركەوتوو نابین
دوای ئەوەی حكومەتی نوێ عێراق پێك هێنرا بەڵام لایەنی كوردی ئامادەی كۆبونەوەی تایبەت بەپێدانی متمانە بەحكومەتەكەی عەبادی نەبوو وهۆكارەكەشی بۆ نەبوونی رێكەوتن گەڕایەوە كە هیچ داوایەكی لایەنی كوردی جێبەجێ نەكرا وتەنها بەڵێن دەدرا ولەئێستاشدا بڕیارە لەدوای ئەوەی رێكەوتن كرا لە نێوان یەكتردا بەشداری حكومەت بكەن و بگەڕێنەوە بەغدا وئەندامیكی دەوڵەتی یاساش دەڵێت كورد خاڵی سەرەكی پرۆسی سیاسی عێراقە.
عەباس بەیاتی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکردە لە لیستی دەوڵەتی یاسا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند؛ كورد خاڵی سەرەكی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی عێراقە و بەبێ كورد نە ئەم حكومەتە ونە حكومەتێكی دیكەش سەركەوتوو نابێت.
بەیاتی گووتی: كورد بەشیكی هەرە گرنگی پرۆسەی سیاسی عێراقە و زۆربەی كێشەكان لەڕێگای كوردەوە چارەسەر دەكرێت و ناكرێت بەشداری حكومەت نەكەن.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا داوایکرد وەزیرە کوردەکان لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەشداری لە حکومەت پەلە بکەن، لەبەر ئەوەی ئێستا كابینەی نوێ عێراق تەواو نیە و نوقستانی تێدایە و كورد تەواوكەری ئەو پرۆسەیە.
بەیاتی سەبارەت بە كێشەکانی نێوان بەغدا وهەرێم گووتی: بەپێی یاسا ودەستوری عێراقی سەرجەمی ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن و نابێت ڕێگە بدەین ئەو كێشانە پەرە بستێنێت چونكە زەرەر بەهەموو لایەك دەگەیەنیت.
