دەوڵەتی یاسا: كاندیدانی وەزارەتە ئەمنییەكان گۆڕانیان بەسەردا نایەت

 دەوڵەتی یاسا: كاندیدانی وەزارەتە ئەمنییەكان گۆڕانیان بەسەردا نایەت
سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، رایگەیاند كاندیدانی پێشوو بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناخۆ گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە و لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش دووبارە دەنگ لەسەر پێدانی متمانە بەو كاندیدانە دەدرێتەوە.

جاسم محەممەد جەعفەر، پەرلەمانتار و سەركردەی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "جابر جابری و ریاز غەریب كاندیدانی پێشوو بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی بەرگری و ناخۆ گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە و لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو دووبارە دەنگ لەسەر پێدانی متمانە بەو كاندیدانە دەدرێتەوە".

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا كە پێشتر وەزیری وەرزش و لاوان بوو، گوتیشی "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوایین كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە رایگەیاندووە كە ئەو سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی جابر جابری و ریاز غەریب بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ".

ئەمە لەكاتێكدایە جابر جابری كاندیدی سوننە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی بەرگری و نزیك لە ئەمریكا و ریاز غەریب، كاندیدی شیعە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ و نزیك لە نووری مالیكی لە دانیشتنی پەرلەمان لە ١٧/٩/٢٠١٤ نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبێنن و ببنە وەزیر.

هاوكات یەكلانەكردنەوەی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی عێراق لە كاتێكدایە رەوشی ئەمنی عێراق لە خراپترین دۆخیدایەو لەو دەمەی چەكدارانی داعش لە پێشرەوی بەردەوامدان و زۆریان نەماوە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هاوسنوور لەگەڵ بەغدا كۆنترۆڵ بكەن.










رووداو
Top