نوێنەرێکی کورد: مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان پێویستی بەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نییە
عادل نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی کوردستانی بەئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لەکابینەی پێشوتری عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەرێگای پەیوەندیسەکی تەلەفۆنیەوە بڕاوە و بەشێوەیەکی یاسایی نەبووە و مالیکی لێی بەرپرسە چونکە لەوکاتەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، ئەمەش کاریکی نادەستوری بوو بەرامبەر بەکورد کرا، لەئێستادا باس لەوە دەکرێت کە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و بەشێوەی سولفە ئەو پارانە رەوانە دەکرێت ئەم قسانە دوورن لەڕاستی، ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران تەنھا پێویستی بەبڕیاری عەبادی ھەیە.
سەبارەت بەنەناردنی مووچە و بڕیار نەدانی عەبادی، عادل نوری دەڵێت: حکومەتی عێراق پەیوندی لەگەڵ داعش زۆر باشترە وەک لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیەتی چونکە مانگانە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی داعش دایە، دەنێرێت بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە ناکات لەگەڵ ئەوەی رێژەیەکی زۆر پەنابەران ڕوویان کردۆتە شارەکانی ھەرێم، ئەمەش قەیرانێکی ئابوری گەورەی لەھەرێم دروست کرد، بۆیە پێویست وابوو ھەفتەی یەکەم لەپێکھینانی حکومەتی نوێ عێراق مووچە ڕەوانە بکرایە بەڵام زیاتر لە دوو مانگە حکومەت پێکھێنراوە مووچە رەوانە نەکراوە.
ئاماژەیدا: رەوان نەکردنی مووچە مەبەستیکی سیاسی لەپشت ھەیە دەیانەوێت بەمشێوەیە فشار بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان بەڵام ئەمە ناکرێت چونکە ئەوە مووچەی ھاوڵاتیانە و ناکرێت بەم شێوەیە دژایەتی کورد بکرێت.
