عێراق وەجبەی سێیەمی ئێم ئای 35ـی وەرگرت

 عێراق وەجبەی سێیەمی ئێم ئای 35ـی وەرگرت
وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتنی ژمارەیەكی نوێی فڕۆكەی رووسی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی كە لەساڵی 2012ـەوە لەگەڵ رووسیا بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگی واژۆی كردووە.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەكدا، كە دانەیەكی گەیشتووەتە تۆڕی میدیایی رووداو، رایدەگەیەنێ: وەجبەی سێیەمی فڕۆكەی جەنگیی جۆری ئێم ئای 35ـی رووسی گەیشتە عێراق و خرانە كارەوە بۆ بەشداریكردن لە جەنگی لەناوبردنی رێكخراوی داعش.

بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری ژمارەی فڕۆكەكانی ئاشكرانەكردووە و تەنیا رایگەیاندووە، كە فڕۆكەكان توانایەكی باشی بە ئامانجگرتنیان هەیە و چەكی پێشكەوتوویان لەسەر بەستراوە و لە توانایاندایە شەو و رۆژ كار بكەن.

عیراق و رووسیا لە ساڵی 2012 گرێبەستێكیان بە بەهای چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلار واژۆكرد، بەپێی ئەو گرێبەستە رووسیا فڕۆكەی هێلیكۆپتەری جەنگی لە جۆری ئێم ئای 35 بۆ عێراق دابیندەكات، تاوەکو ئێستاش عێراق دوو وەجبەی لەو فڕۆكانە وەرگرتووە.







رووداو
Top