عێراق نەیهێشت ئەو فڕۆکەیەی مەشقکارە ئەڵمانیاییەکانی هەڵگرتبوو بێتە هەولێر
گوتەبێژی سەرکردایەتیی سوپای ئەڵمانیا لە بۆتسدام، بە ژامرەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (بیڵد)-ی ڕاگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیەی کە ئەو یەکەم شەش شارزا سەربازییە ئەڵمانیاییانەی هەڵگرتووە کە لە جۆری (ترانسال) بووە و لە بوڵگاریا بەرەو عێراق فڕیوە، گوایە بە هۆی نەزانینی کۆدی فڕۆکەکەوە، دەستەڵاتدارانی عێراقی نەیانهێشتووە بێتە نێو سنووری ئاسمانی عێراقەوە، کە مەبەستی بووە بێت لە هەولیر بنیشێتەوە.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەیشی دا، هێشتا ڕوون نییە کەی ئەو مەشقکارە سەربازیانە دەتوانن بچنە عێراق. ئەو هاوکات بە ئاژانسی هەواڵی دی پی ئەی ڕاگەیاندووە، سوپای ئەڵمانیا دەخوازێ لە هەر سەعاتێکدا بێ، ڕەزامەندیی هاتنە نێو خاکی عیراق بە دەست بێنن.
وەها بڕیار بوو، بە گەییشتنی چەکی ئەڵمانیایی بۆ دەست پێشمەرگە، ژمارەی شارەزا و مەشقکاری ئەو وڵاتە، بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەکەکانیان، کە دژەتانکیان تیدایە، مەشق بە پێشمەرگە بکەن و هەروەها 30 پێشمەرگەیش ببرێنە ئەڵمانیا و لەوێ مەشقیان پێ بکرێت.
