400 سەربازی سوپای عێراق رزگاركران
سەباح كەرحوت، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی تووند لە نێوان چەكدارانی داعش و سوپای عێراق لە شارەدێی سەقڵاوییەی باكووری شارۆچكەی فەللـوجە، توانرا ئەو 400 سەربازەی لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدرابوون، ئازادبكرێن".
سەباح كەرحوت گوتیشی: "ئێستا رێگەی خێرای نێودەوڵەتی نێوان فەللـوجە و بەغدا، كە عێراق بە سووریا و ئوردن دەبەستێتەوە، بە تەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپای عێراقدایە".
رۆژی شەممە 20.9.2014، دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق رایانگەیاند، نزیكەی 400 سەربازی عێراقی لە ناوچەی سچری سەر بە شارەدێی سەقڵاویەی باكووری فەللـوجە لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدراون، مەترسی دەكرا كۆمەڵكوژییەكی هاوشێوەی سپایكەر لەو ناوچەیە روویبدابایەوە.
رووداو
