مووسڵ.. لە بۆردوومانی ئەمڕۆی فڕۆكە جەنگییەكان 165 داعش كوژران و برینداربوون
فڕۆكە جەنگییەكان كە نازانرێ ئەمریكین یان عێراقی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەربازگەیەكی چەكدارانی داعشیان لە كۆلێژی كشتوكاڵی لە ناوچەی حەمام عەلیلی نزیك شاری مووسڵ بۆردوومان كردووە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكەن، كە فڕۆكە جەنگییەكان سەرەتا مووشەكێكیان ئاراستەی چەكدارانی نێو سەربازگەكە كرد، كە چەكدارانی داعش بۆ مەشقپێكردن بەكاری دەهێنن، هاوكات دوای گردبوونەوەی چەكدارانی دیكەی داعش بۆ فریاكەوتنی بریندارەكانیان فڕۆكەكان دیسان مووشەكێكی دیكەیان ئاراستەی چەكدارەكان كردووەو بووەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 100 چەكداری داعش و برینداربوونی زیاتر لە65ی دیكە.
سەرچاوەكانی رووداو ئەوەشیان خستەڕوو كە "چەكدارانی داعش 40 لە بریندارەكانیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەیەكی شاری مووسڵ و 25 برینداری دیكەشیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی سەربازی ناوچەی حەمام عەلیل".
ئەمە لەكاتێكدایە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هێزی ئاسمانی عێراق بەردەوام بۆردوومانی چەكدارانی داعش دەكەن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە، لەو دەمەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق و چەكدارانی خۆبەخشی شیعە لەسەر زەوی رووبەڕووی چەكدارانی داعش دەبنەوە.
رووداو
