عەبادی: ئامادەم هەموو كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەم

 عەبادی: ئامادەم هەموو كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەم
حەیدەر عەبادی رایگەیاند، كە ئەو لەكاتی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق، بە ڕوونی دوو خاڵی بە شاندی كورد گوتووە. دەشڵێ ئەگەر بەغدا و هەولێر بەپێی دەستوور رێكبكەون، ئەوە نانێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات بە دوو كەرتەوە.

لە یەكەم هەڤپەیڤینیدا دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی باسی لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد. ئەو ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە راگەیاند بەپێی دەستوور و شەراكەتی نیشتمانی.
عەبادی لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقییەی فەرمی حكومەت. گوتی: "بە راشكاوی بە شاندی دانوستاندنكاری كوردم گوتووە، ئەگەر هەردوولامان بەپێی دەستوور بجوڵێینەوە ، ئەوە من ئامادەم نانێكتان لەگەڵ بكەم بە دوو كەرتەوە".

عەبادی دەڵێ: "من خۆشیی هەرێمی كوردستانم دەوێ ، خۆم بە سەرۆكوەزیرانی هەموو عێراق دەزانم لە زاخۆ تاوەكو فاو".

سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە كێشەی هەناردەكردنی نەوتی باشووری كوردستان كردو جەختدەكاتەوە كە دەبێت داهاتی ئەو نەوتە بچێتەوە بۆ بەغدا و دەڵێ "هەرێمی كوردستان دەتوانێت نەوت هەناردە بكات بەرێگەی شەرعی بەپێی یاساو دەستوورو داهاتەكەی بۆ هەموو عێراق بێت، هەروەك چۆن نەوتی بەسرە بۆ هەموو عێراقە".

عەبادی دەڵێ كە لە دانوستاندنەكان لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان پەیمانی داوە لەماوەی دوو مانگ بۆ سێ مانگدا كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام وەك خۆی دەڵێ "بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێتە پێشەوە". بە گوتەی عەبادی ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستانە. ئەو دەڵێ "پێشتر ئەوان دەیانگوت كێشەكە شەخسیە، بەڵام ئێستا ئەو دەموچاوانە نەماون، بۆیە كاتی ئەوەیە بەجدیی بێنە پێشەوەو چارەسەری كێشەكان بكەین".

لەكاتی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت، شاندی كوردی هەندێك داواكاریی نووسراویان هەبوو، كە دەیانویست عەبادی بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو خاڵانە بدات و واژۆیشی بكات، بەڵام عەبادی ئەوەی نەكردو رەتیكردەوە. لەو بارەیەوە دەڵێ "لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت شاندی كوردی ویستیان هەندێك داواكاریم پێ واژۆ بكەن، بەڵام من هەموویم رەتكردنەوەو پێم گوتن نەك بۆ ئێوە مەرج لە هیچ لایەنێك قبو‌وڵ ناكەم".

حەیدەر عەبادی هیوای وایە عێراق لە ئایندەدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوەكەو جیهان رێكبخاتەوە. عەبادی ئاماژەی بە باشبوونی پەیوەندییەكانی توركیا ‌و عێراق كرد‌و گوتی "توركیا بەڵێنی داوە لەم قۆناخەدا هاوكاریی عێراق بكات".






رووداو
Top