عەبادی بە فەرمی دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەكەی بوو

 عەبادی بە فەرمی دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەكەی بوو
رۆژی یەكشەممە سێ بەرپرسی حكومی رایانگەیاند، كە حەیدەر ئەلعەبادی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق لەوەتای هەفتەی رابردووەوە بەپێی یاسا دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەكەی بووە.

ئەو بەرپرسانە، كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرابكرێت بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی لێدوانیان نەبووە لەمبارەیەوە دەڵێن " دوای ئەوەی حكومەتەكەی عەبادی لە رۆژی 8ـی ئەیلوول بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا، عەبادی رەگەزنامە بەریتانییەكەی داوەتەوە حكومەتی بەریتانیا".

بەپێی دەستوری عێراق " هاوڵاتیان دەتوانن جگە لە رەگەزنامەی عێراقی پاسپۆرتی وڵاتانی دیكەیان هەبێت، بەڵام ئەو بەرپرسە حكومییانەی پلەی باڵایان لە حكومەت هەیە ناتوانن جگە لە رەگەزنامەی عێراقی پاسپۆرتێكی دیكەیان هەبێت".

عەبادی لە كۆتاییەكانی ساڵی 1970 چووەتە بەریتانیا و لەوێ خوێندكاری ماستەربووە لە زانكۆی مانچستەر. عەبادی لە بەریتانیا بووەتە گوتەبێژی حیزبی دەعوە و ماوەی 20 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، لە ساڵی 2003 و دوای رووخانی رژێمەكەی سەدام گەڕاوەتەوە عێراق.





رووداو
Top