بەدر هەڕەشەی راگرتنی شەڕ لەدژی داعش دەكات
رەزاق حەیدەری، پەرلەمانتاری كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: رێكخراوەكەیان هەڕەشەی كشانەوەی چەكدارەكانی دەكات لەبەرەكانی جەنگ لەدژی چەكدارانی داعش، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە لەسەرەچاوە نزیكەكانی حەیدەر عەبادییەوە بیستوویانە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق رازی نییە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بداتە هادی عامری سەرۆكی رێكخراوەكەیان.
رەزاق حەیدەری گوتیشی: ئەگەر هاتوو ئەو قسانە راست بن، ئەوا ئێمەش چەكدارەكانمان لەبەرەكانی جەنگ دەكشێنینەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە خوێنی خۆمان لێ زیاد نییە، كە هەندێك كەس بە میلیشیا ناومان ببەن.
ئەو پەرلەمانتارەی کوتلەی بەدر راشیگەیاند: هادی عامری رووبەرووی داعش بووەتەوەو چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیالەی لە چەكدارانی داعش پاككردووەتەوە و هەروەها رێگەی بەغدا-كەركووكیشی كردووەتەوە، ئەویش لە سەر راسپاردەی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی عێراق و جەختیشی كردەوە، كە ئەو چەكەی بەدەست چەكدارەكانیانەوەیە، چەكی حكومەتە و بە رەزامەندی حكومەت وەرگیراوە.
رووداو
