شاندی دانوستاندنكاری كورد: كارەكانمان لەگەڵ بەغدا كۆتاییان پێهات
فریاد رەواندزی لە لێدوانێكدا گوتیشی: "دەبێ پرسی وەرگرتنی وەزارەتێكی دیكە لە كابینەكەی حەیدەر عەبادی بۆ كورد لەلایەن وەزیرانی كوردەوە لەو حكومەتە یان شاندێكی كوردستان لەگەڵ عەبادی یەكلابكرێتەوە".
فریاد رەواندزی، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە وەزارەتی رۆشنبیری پێ سپێردراوە، ئاماژەی بەوەشدا، كە "ئەو هێشتا كاندیدە بۆ وەرگرتنی وەزارەتێكی كابینەكەی عەبادی، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری نا".
لەبارەی دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ، رەواندزی ئاشكرایكرد كە "دوای یەكلاییكردنەوەی تەواوی وەزارەتەكانی كابینەكەی عەبادی شاندی كورد و شیعە و سوننە كۆدەبنەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستانە بەپشتبەستن بە ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لە پەرلەمان".
ئەمە لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزارەتەكانی (دارایی، كۆچ و كۆچبەران، گەشتوگوزار، رۆشنبیری) بۆ كورد دیاریكردووە، بەڵام سەركردایەتی كوردستان و شاندی دانوستاندنكاری كورد ئەو وەزارەتانەی رەتكردەوەو رایگەیاند عەبادی بە ئارەزووی خۆی ئەو وەزارەتانەی بۆ كورد دیاریكردووە.
رووداو
