فڕۆکەکانی ئەمریکا بنکەکانی داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە بۆردوومان دەکەن
ئەو هێرشە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 28ی مانگی رابردوو، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریكی ئاشكرایكرد "ئیدارەی ئەمریكا ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئەو ناوچانەی نزیكن لەبەنداوی حەدیسە و لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدان".
رۆژنامەكە رایگەیاند "چەند لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا چەندین پلانیان بۆ فراوانكردنی بۆردوومانە ئاسمانییەكان بۆ سەر چەكدارانی داعش و گەیاندنی هاوكاری زیاتری مرۆیی بۆ عێراقییەكان داڕشتووە".
شارۆچكەی حەدیسەی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بە شوێنێكی ستراتیژی گرنگ هەژماردەكرێت، بەو پێیەی بەنداوی حەدیسە و وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو ناوچەیەدا هەیە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە چەكدارانی داعش هێرشەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم شارۆچكەیە چڕكردووەتەوە، بەڵام بۆیان كۆنتڕۆڵنەكراوە.
رووداو
