هۆشیار زێباری: پشتگیریی پلانەكەی ئۆباما دەكەین
هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "پلانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تایبەت بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی فراوان بۆ بەرنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش، ئاراستەكردنی پەیامێكی پشتگیری بەهێزە بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەكدارە جیهادییەكان، ئێمەش پشتگیری ئەو پلانەی سەرۆك ئۆباما دەكەین".
گوتیشی: "چەندین جار عێراق داوای لە وڵاتانی هاوپەیمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە ترسناكەی گرووپە چەكدارەكان و چەكدارانی داعش هاوكاریی بكەن، بەو پێیەی تەنها مەترسی بۆ سەر گەلانی عێراق و ناوچەكە نییە، بەڵكو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریكا و پەیمانی ناتۆش هەیە".
بە ئامانجی لەناوبردنی رێكخراوی داعش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو چەندین وڵات لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی رێككەوتوون كە هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، كەنەدا، دانیمارك، توركیا، پۆڵەنداو ئوسترالیا لەخۆدەگرێت.
رووداو
