لە حکومەتی داهاتوودا کورد 8 وەزارەتی بەردەکەوێت

 لە حکومەتی داهاتوودا کورد 8 وەزارەتی بەردەکەوێت
پەرلەمانتارێکی کوتلەی بەدر ئاشکرایکرد "پشکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە حکومەتەکەی عەبادی 14 وەزارەتن و پشکی کوردیش 8 وەزارەتن".
رەزاق حەیدەری پەرلەمانتاری کوتلەی بەدر لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت، کە تاوەکو ئێستا هێزە سیاسییەکان پێی گەیشتوون، رێککەوتنە لەسەر شێوەی حکومەت".

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی کوتلەی بەدر "پشکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە حکومەتەکەدا 14 وەزارەتە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و یەکێک لە جێگرەکانی، کە دەکاتە 16 پۆستی حکومەتەکە"، سەبارەت بەو ژمارەیەی پۆستەکانیش روونیکردووەتەوە "هاوپەیمانی نیشتمانی خاوەن 180 کورسییە لە پەرلەماندا، لەبەرئەوە ئەو ژمارە زۆری پۆستەکانی حکومەتەکەی بەرکەوتووە".

حەیدەری ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "کورد 7 بۆ 8 وەزارەتی بەرکەوتووە، لەگەڵ جێگرێکی سەرۆک وەزیران، سوننەش 8 وەزارەت و جێگرێکی سەرۆک وەزیران".

سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکەی حکومەت و کام وەزارەت بۆ کام لایەنە دەبێت، بەتایبەتی وەزارەتە سیادییەکان، حەیدەری گوتوویەتی "ئەوەیان هێشتا یەکلانەبووەتەوە، دوو رۆژی داهاتوو ئەوە یەکلادەبێتەوە".









رووداو
Top