جبووری: لە 48 كاژێری داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەمان دەوێت
سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا، بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەممە 23.8.2014ـی پەرلەمان رایگەیاند، "ئامانج لە رووداوەكەی دوێنێی مزگەوتی موسعەب بن عومەیر لە گوندی ئیمام وەیس لە پارێزگای دیالە، پەكخستنی پرۆسەی سیاسی عێراقە" و راشیگەیاند، کە بە فەرمی داوایان كردووە، كە "دەبێت لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، كە رەوانەی دیالە كراوە، لەماوەی 48 كاژێری داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوە ئاشكرابكەن".
جبووری لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە جەختی لەوەكردەوە،. "بۆ لەمەودوا، چەك دەبێت تەنیا بەدەست هێز و دەزگا حكومی و رەسمییەكانی دەوڵەتەوە بێت و چەك لەدەستی هەموو ئەوانەی دیكە دەربهێندرێت، ئینجا بەهەر ناو و پاساوێكەوە بێت و دەبێت لەژێر چاودێری دەوڵەت بێت".
جبووری سەرەڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆی و ئیدانەكردنی رووداوەكە لەلایەن پەرلەمانی عێراق، گوتی "هەردوو تاوانەكە، کوشتارگەکەی مزگەوتەكەی دیالە و سەربازگەی سپایكەر یەك شوێن دەستیان بەسەرەوەیە و ئەوانەن، كە رۆژانە لە سەرانسەری عێراق تاوان دەكەن و خوێنی عێراقییەكان دەڕێژن"، هاوکات هۆشداریشیدا، كە لە مەودوا كوشتنی عێراقییەكان قبوڵ ناكرێت و گوتی "هەركێ كەمتەرخەمی بنوێنێت و ببێتە مایەی رژانی خوێنێ عێراقییەكان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت".
رووداو
