کورد چوار مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتەکەی عەبادی هەیە

 کورد چوار مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتەکەی عەبادی هەیە
ئەندامێكی شاندی دانوستاندنکاری كورد لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، کورد چوار مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتەکەی عەبادی هەیە و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 23.8.2014ـش لەگەڵ عەبادی و سەرۆكی پەرلەمان كۆببینەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

نەجیب باڵەتەیی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی كورد لەگەڵ بەغدا رایگەیاند: "لیژنەكە رۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كۆبوونەوە و داواكاری خۆمانمان لە حكومەتی داهاتووی عێراق پێشكەشكردن و دیارترینی ئەو داواكارییانەش، جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، ناردنی بودجەی كوردستان، پڕچەككردنی پێشمەرگە و پرسی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانە و كەشی كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ هاوپەیمانی شیعە ئەرێنی بوو".

هەروەها زانا روستایی، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری كورد لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەگەڵ هاوپەیمانی نشتمانی، "ئێمە ئەوەمان نیشان دا، كە هیچ پەلەیەكمان نییە بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێمە زیاتر پەلەمانە لەسەر وەرگرتنی گەرەنتی لەسەر گەیشتن بە داواكارییەكانی خۆمان".

نەجیب باڵەتەیی گوتیشی، "بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو و سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمان كۆببینەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و چاوەڕوان دەكرێ رۆژی یەکشەممە دیسان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كۆببینەوە".

ئەندامەكەی شاندی دانوستاندنکاری كورد لەگەڵ بەغدا ئاماژەی بەوەشدا، كە "لیژنەكەمان بڕیاریداوە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان بە جیا كۆببێتەوە و ئەگەر هەیە ئەمرۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیش كۆببینەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق".

نەجیب باڵەتەیی ئاشكراشی كرد، كە "لایەنە كوردستانییەكان رێككەوتوون لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد لە بەغدا و دواخستنی پرسی پۆستەكانی كورد لە حكومەتی نوێ بۆ دوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد، چونكە پرسی پۆستەكانی كورد بە بەراورد لەگەڵ داواكارییەكانمان لاوەكی".

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 76ی دەستووری فیدراڵی، پێویستە لەسەر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق تا وەكو رۆژی 11ـی ئەیلوول ناوی وەزیرانی كابینەكەی رابگەیەنێت.





رووداو
Top