گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەستپێدەكەن
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری خولی پێشووی هاوپەیمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، هاوپەیمانی كوردستان لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە، دەشڵێت فراكسیۆنەكان گرنگی زۆر بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەدەن و بە دەسكەوتی هەموو لایەنەكانی دەزانن لە پێناو پارێزگاریكردنی پڕۆسەی سیاسی و یەكێتی خاكی عێراق.
گوتیشی: "هاوپەیمانی كوردستان چاوی لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانە، چونكە كورد تواناو لێهاتوویی خۆی سەلماندووە لە ئاست پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی تایفی".
زۆربەی فراكسیۆنە سیاسییەكان داوای گۆڕانكاری لە پەیڕەوی حكومەتی پێشوو دەكەن و لە خۆئامادەكردندان بۆ قۆناخی داهاتوو, كە هەندێكیان بە قۆناخی یەكلاكەرەوەی دەزانن بۆ چارەسەركردنی رەوشی ئەمنی و تەنگژەكانی عێراق.
ئیمان زغیر، سەركردە لە پارتی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خوازیارین حكومەتی داهاتووی عێراق حكومەتی كەسانی بەتوواناو لێهاتوو بێت، ئێمەش چاومان لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانە لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان".
گوتیشی: "نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق ویستی خزمەتی زیاتری دانیشتوانی عێراق بكات، بەڵام هاوپەیمانی نیشتمانی دژی وەستایەوە، بۆیە رەتیكردەوە هیچ پۆستێك لە حكومەتی داهاتوو وەربگرێت".
سالم دلی، سەركردە لە هاوپەیمانی وەتەنییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات بە رووداوی گوت: "فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانی عێراق دەستیان بە دانوستاندنەكانی تایبەت بە پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی داهاتوو كردووە، هاوكات لیژنەیەكی دانوستاندنكاریش دەستنیشانكراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق".
گوتیشی: "تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێكی وەزاری دیارینەكراوە، بەلای هاوپەیمانی وەتەنییەش كارنامەی حكومەت گرینگە، چونكە ئامانجی ئێمە جێبەجێكردنی داواكاری هاووڵاتیانە، لە سەروشیانەوە ئازادكردنی بەندكراوان، وەستاندنی بۆردوومانی هەڕەمەكی شارەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان".
رووداو
