نەتەوەیەكگرتووەكان باری نائاسایی لە عێراق راگەیاند
گرووپی دەڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بەشێك لە شار و گوندەكانی باشووری كوردستانیان كۆنترۆڵكرد و لە لایەكی دیكەشەوە بەشدارییان لە جەنگی ناوخۆی سووریادا كرد، لەو كاتەوەی كە ئەم گرووپە دەستیانكردووە بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكان، هێرشیانكردووەتە سەر كەمایەتییەكانی ئەو ناوچانەوە و دەستدرێژی سێكسییان كردووەتە سەر بەشێكی زۆر لە ئافرەتەكانیان، هەروەها كوشتنی خەڵكی سڤیلیشیان كردووەتە ئامانج، بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بە هەموو شێوەیەك هاوكاری عێراق بن لە پاراستنی هاووڵاتیاندا.
لە كۆنفرانسێكدا لە بەغدا، زەینەب هاوە بانگورا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستدرێژی سێكسییەكان و نیكۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغدا داوایانكرد كە بە خێراترین كات خەڵكی سڤیل بپارێزرێن و باری نائاساییان راگەیاند.
مێلادینۆڤ داوای لە وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە ئەو ژن و كچانە رزگاربكەن كە لەلایەن داعشەوە گیراون و پاڵپشتی عێراق بكەن لە پاراستنی خەڵكی وڵاتەكەیدا. هەروەها رایگەیاند كە نەتەوەیەكگرتووەكان زۆر بە وردی چاودێری رەوشەكە دەكات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی كە لە ئێستا بەدواوە بەو شێوە وەحشییانە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ئەو وڵاتە ناكرێت .
رووداو
