عەللاوی: هیوادارم عەبادی هاوشێوەی مالیکی نەبێت

 عەللاوی: هیوادارم عەبادی هاوشێوەی مالیکی نەبێت
ئەیاد عەللاوی رایگەیاند، کە هیچ تێبینییەكی لەسەر راسپاردنی حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نییە، بەڵام "داواكارم عەبادی بە شوێنپێی مالیكی نەڕوات و هاوشێوەی ئەو نەبێ".

ئەیاد عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی پێسووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە، کە خاوەنی 21 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "هیچ تێبینییەكمان لەسەر راسپاردنی حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نییە و بەشداری لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەکەین، بەڵام خوازیارم عەبادیش هاوشێوەی مالیكی نەبێ".

ئەیاد عەللاوی گوتیشی "هاوپەیمانی وەتەنییە ئامادەیە بەشداری لە كۆنگرەیەكی نیشتمانی بكات لە عێراق لەسەر بنەمایەكی روون و بە گەرەنتی نێودەوڵەتی".

سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق هاوكات داوای پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوانی لە عێراق كرد، کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بكات.

ئەیاد عەللاوی ئاماژەشی بەوە كرد، كە "دادگای فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2010 ستەمی لێكردین و ئێستاش مالیكی دووبارە پەنای بۆ ئەو دادگایە بردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی راسپاردنی حەیدەر عەبادی".

ئەم پێشهاتانەش هاوكاتە لەگەڵ سووربوونی مالیكی لەسەر خۆكاندیدكردنەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران و رەتكردنەوەی راسپاردنی حەیدەر عەبادی.

رۆژی دووشەممە 11.8.2014، فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی حەیدەر عەبادی، سەرکردە لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپارد.








رووداو
Top