مالیکی: حکومەت تەسلیم ناکەم تا دادگا بڕیار نەدات
لەوتاری هەفتانەیدا، مالكی وتی: پرسیار لەوەدەكرێت بۆچی مالكی سوورە لەسەر خۆكاندید كردن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، دەڵێم: مافی ئەو دەنگدەرانە دەپارێزم كە دەنگیان پێداوم، بۆیە سوورم لەسەر خۆكاندید كردن بۆ ئەو پۆستە و دەستبەرداری ئەو مافە نابم تا دادگای فیدراڵ ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە.
مالكی رایگەیاند، " بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری مافی دەستوری لیستەكەی نابێت و رێنادات بە پێشێلكردنی دەستور لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی "، وتیشی: پێم سەیرە هەندێك لەوڵاتانی زەبەلاح كە لافی دیموكراسی لێدەدەن دەستیان وەرداوەتە كاروباری سیاسی ناوخۆی عیراق و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی عیراق دووپاتدەكەنەوە لەكاتێكدا كە پێشێلی دەستوركراوە.
دەشڵێت: دادگای فیدراڵ پێشێلی مافەكانی لیستی دەوڵەتی یاسای كردووە و ئەوانەشی كە ئاراستەی پرۆسەی سیاسی عیراقیان بەئاقارێكی دیكەدا بردووە پێشێلی دەستوریان كردووە و خۆشیان دان بەوەدا دەنێن و دەڵێن: پابەند نابین بەوبڕگەیەی دەستور كە گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عیراق رادەسپێرێت بەوەی سەرۆك وەزیران هەڵبژێرێت.
خەندان
