(فوئاد مەعسووم) دوامۆڵەت دەداتە هاوپەیمانیی نیشتمانی.. (مالیكی) هێزێكی زۆر لە بەغدا بڵاوە پێ دەكات
لەبارەی گوتارەكانی دوێنێ شەوی (نووری مالیكی)ـیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) بۆKDP.info گوتی، "(مالیكی) جۆرێك لە شپرزەیی پێوە دیارە، گوتارەكەیشی دەرئەنجامی ئەو شپرزەییەوە بوو كە درەنگانی دوێنێ شەو پێشكەشی كرد، بەڵام ئێستا بۆی دەركەوتووە، كە لایەنەكانی عێراق لەگەڵ كاندیدكردنەوەیدا نین، بۆیە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگایەكی دیكەوە تاقی بكاتەوە، یەكێك لەو شتانەی ئەنجامی داوە وەك باس دەكرێت، هێزێكی زۆری لە ناوچەی سەوز بڵاوە پێ كردووە".
(جاف) گوتیشی، "ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق (فوئاد مەعسووم) دوامۆڵەتی داوە بە هاوپەیمانی نیشتیمانی تا سەعات سێی پاشنیوەڕۆ كاندیدی خۆیان یەكلا بكەنەوە، بەڵام گرفتی سەرەكی لە نێوان ئەندامانی هاوپەیمانیی نیشتمانیدا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە هەیە".
ئاماژەی یشی دا كە، (مالیكی) هێزێكی زۆری لە بەغدا بڵاوە پێ كردووە و هەست بە جۆرێك لە كودەتا دەكرێت.
