نووری مالیكی: داعش باشترین خزمەتی بە ئیسرائیل كردووە
سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، مالیكی گوتی "دەبێ لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەراندا كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت". جەختیشیكردەوە "دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور پرۆسەكە بەڕێوەبچێت و بەدەر لەوە هیچ رایەكی دیكە قبوڵ ناكەین".
بەشێكی دیكەی وتارەكەی مالیكی تایبەت بوو بە دۆخی ئەمنیی عێراق و گوتی "ئێمە ماوەیەكە هۆشداریی دەدەین لە مەترسییەكانی داعش و ئێستاش دەیڵێینەوە كە داعش جێی مەترسییە لە چەند وڵاتێك، ئەجێندای ئەو رێكخراوە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو موسڵمانان".
مالیكی داوایكرد كۆدەنگییەك هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و گوتی "داعش بەتەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و سووریا، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێ، جێی مەترسییە بۆ سەر شەبەك و ئێزدی".
مالیكی ئاماژەی بە هاوكاریكردنی بەپەلەی ئەو خەڵكە كرد، كە لە دەستی داعش هەڵاتوون و گوتیشی "دەبێت كاربكەین بۆ پڕچەككردنی خەڵكی ئەو شوێنانەی داعش بووەتە هەڕەشە لەسەریان".
مالیكی چەند وڵاتێكی ناوچەكەی تۆمەتبار كرد بە هاوكاریكردن و پشتگیریكردنی عێراق و گوتی "وڵاتانی ناسراون"، بەڵام لەنێویاندا تەنیا ناوی ئیسرائیلی هێناو گوتی "ئیسرائیل دوور نییە لەو وڵاتانەی هاوكاریی داعش دەكەن و داعشیش باشترین خزمەتی ئیسرائیلی كردووە".
رووداو
