کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ چەکداری داعش لە بۆردومانی فرۆكەكانی سوپای عیراق
سەعید مەموزینی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی ١٤ پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ بە ئاژانسی هەوالی پەیامنێری راگەیاند؛ بەرە بەیانی ئەمرۆ( پێنجشەممە) فرۆكە جەنگییەكانی سوپای عیراق، فڕۆكەخانەی موسل و بەندیخانەی بادۆش و ناوچەی حەمام عەلی و گەرەكی نوری شاری موسڵیان بۆردومانکرد و بە هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ چەکداری داعش کوژران و بریندار بوون کە سێ لە کوژراوەکان سەرکردەی باڵای داعشن.
بە وتەی مەموزینی شوێنە بۆردومانکراوەکان مۆڵگەی چەكدارانی داعش و بەعسیەكان بووە و رۆژانە لەو شوێنانەوە پلانیان بۆ رفاند و دەست بە سەرداگرتنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی شارەكە دادەڕشت .
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆش لە لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی زوومار هەشت چەكداری داعش كوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە ١٠ی حوزیرانی ئەمسال، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەکی عیراق و لە شارەکانی موسڵ و تكریت و سەلاحەدین و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیکەیان کۆنتڕۆڵ كرد .
