مووسڵ.. چەندین كەتیبە لە دژی داعش دروست بوون

 مووسڵ.. چەندین كەتیبە لە دژی داعش دروست بوون
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، دوای كردەوەكانی ئەم دواییەی داعش لە مووسڵ و تەقاندنەوەی مەزاری پیاوچاكان، لە ئێستادا چەندین كەتیبە لە مووسڵ دروست بوون و رۆژانە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی دەكوژن.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (داوود جنووبی) بەە kdp.info-ی گوت، دوای ئەوەی داعش لە 10-ی حوزەیران دەستی بەسەر مووسڵدا گرت، چەندین كردەوەیان ئەنجام دا كە بووە جێی ناڕەزایی خەڵكی ئەو شارە، لەوانە خەتەنەكردنی ئافرەتان و بەزۆر لەخۆمارەكردنی ژنان و تەقاندنەوەی مەزار و كڵێسا و مزگەوتەكان، لە ئێستایشدا چەندین كەتیبە لە دژی داعش بە ناوەكانی كەتیبەی نەبی یونس و ئەحرار و چەندین كەتیبەی دیكە دروست بوون.

(داوود جنووبی) ڕوونیشی كردەوە، شەوانە ئەو كەتیبانە هێرش دەكەنە سەر بازگەكانی چەكدارانی داعش لەناو مووسڵ و سەرجەم چەكدارەكانیان دەكوژن.

(جنووبی) زیاتر گوتی، رۆژانە چەكدارانی داعش لەسەر دەستی ئەو كەتیبانە دەكوژرێن و تاوەكو ئێستایش چەندین چەكداری داعشیان كوشتووە.

بەپێی زانیارییەكان، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 50 مەزار و كڵێسا و مزگەوت لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە و ئافرەتانی داعشیش بە ئامبۆڵانس لەناو مووسڵ دەگەڕێن و كچان خەتەنە دەكەن.
Top