كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێكردو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرا
لیستە كوردستانیەكان دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوە داخراوەكەیان سەبارەت بە دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق، داوایانكرد سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنەكەی ئەمڕۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوابخات بۆ24 كاتژمێری داهاتوو .
سۆزان بەكر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەخەندانی راگەیاند، " كۆبوونەوەی لیستە كوردستانیەكان تەواوبوو هەروەك كەمێك پێشتر كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی لیستی یەكێتی تەواوبوو".
دەشڵێت: لیستە كوردستانیەكان داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كرد مەسەلەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دوابخات بۆ سبەینێ تا لایەنەكان بەتەواوی یەكلایی ببنەوە لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار .
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردن دانیشتی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووانی دانیشتنەكە بڕیاردا لەسەر دواخستنی بڕگەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار .
لەدانیشتنەكەدا كە لەئێستادا بەڕێوەدەچێت مەسەلەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ تاوتوێكرنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ئەمساڵ باسی لێوەكراو دواتر ئەو پرسە بووە باسوخواسی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەپێی یاسا مەسەلەی دواخستنی پۆستی سەرۆك كۆماری تا كۆتایی ئەم مانگە پێچەوانەی دەستور نیە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە ئەو پرسە تا ئەو وادەیە رابگرێت.
خەندان
