فڕۆكە جەنگییەكان چەند شوێنێكی مووسڵیان بۆردوومان كردەوە

 فڕۆكە جەنگییەكان چەند شوێنێكی مووسڵیان بۆردوومان كردەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق گەڕەكی 17ـی تەممووز و فەیسەڵییە و گەڕەكی رەشیدییەیان لە شاری مووسڵ بۆردوومان كرد و لە ئەنجامدا چەندین هاووڵاتیی سڤیل كوژران و بریندار بوون.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) ڕایگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق جارێكی دیكە بۆردوومانی چەند گەڕەكێكی شاری مووسڵیان كرد لەوانە گەڕەكی 17ـی تەمموز و فەیسەڵییە و رەشیدییە، لە ئەنجامیشدا 46 كەس كوژران و بریندار بوون".

گوتیشی: "لەنێو قوربانییەكاندا چەندین هاووڵاتیی سڤیل و هەروەها كوژراو و برینداری داعش هەن و بریدارەكان بۆ چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوشار كراون، هەروەها كوژراوەكانیش بۆ پزیشكی دادوەری ڕەوانە كراون".

(مەموزینی) هەروەها ئەوەیشی خستە روو كە لە گەڕەكی موشیرەفە بۆردوومانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی رۆئاوای شاری مووسڵ كراوە و بە تەواوی پڕۆژەكە تێك شكێنراوە، هاووڵاتیانیش لە ترسی بۆردوومان و نەمانی ئاوی خواردنەوە، روو لە پارێزگای دهۆك دەكەن.

بە گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی، هەر ئەمڕۆ مزگەوتێكی شیعەكانیش لە گەڕەكی سادە و بعویزەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە.






KDP.INFO
Top