خۆکاندیدکردنی چەلەبی، هۆشداری بوو بۆ مالیکی
ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەڕی ئیلافی راگەیاندووە، ئەوەی کە (ئەحمەد چەلەبی)-ی ھان داوە لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەماندا خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەوە بووە ئەو لێدوانانەی (نووری مالیکی) رەت بکاتە کە لە زۆر شوێن باسی کردووە کە دەتوانی زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان بە دەست بھێنیت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران بە دەست بھێنیت، بەڵام ئاشکرا بوو کە تەنیا توانی 149 دەنگ بە دەست بێنیت، لەکاتێکدا پێویستی بە 165دەنگ ھەبوو.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، (ئەحمەد چەلەبی) 107 دەنگی بە دەست ھێنا، جگە لەوەی کە کوتلەی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەللاوی) کە 21کورسی ھەیە و کوتلەی عەرەبییە بە سەرۆکایەتی (ساڵح موتڵەگ) کە 9کورسی ھەیە بەشدار نەبوون، ئەگەر نا، ئەوانیش لە دژی (مالیکی) دەنگیان بە (چەلەبی) دەدا.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ھەرچەندە (مالیکی) مافی خۆیەتی بۆ جاری سێیەم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران لەبەرئەوەی گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمانە، بەڵام کوتلە ڕکابەرەکانی (مالیکی) لەناو ھاوپەیمانیی شیعە لەوانە کوتلەی (عەمار حەکیم و موقتەدا سەدر) دەتوانن لە ناو پەرلەمان ھاوپەیمانەتی لەگەڵ سوننە و کورد پێک بێنن و گەورەترین کوتلە دورست بکەن و حکوومەت پێک بێنن.
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، ھاوپەیمانیی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران سێ کاندیدی ھەیە، ئەوانیش ھەر یەکە لە (عادل عەبدولومەھدی و باقر جەبر زوبەیدی و ئەحمەد چەلەبی)-ن.
