سوپای عێراق بۆ ماوەیەك تكریتی گرتەوە و دیسان كشایەوە
سەرچاوەیەكی فەرمی سوپای عێراق، ئاشكرایكرد هێزەكانیان بەش بەش پاشەكشەیان لە شارەكە كردووەو كشاونەتەوە بۆ بارەگای فیرقەی 4، كە دەكەوێتە 10 كیلۆمەتر باشووری تكریت بۆئەوەی كەمترین زیانیان بەركەوێت و سەربازەكانیان نەكوژرێن.
ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەلاحەددین لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق رایگەیاند "هێزەكانی سوپا عۆجە و ئەكادیمیای پۆلیسیان گرتبووەوە، كە تەنیا 150 مەتر لەباڵەخانەی پارێزگاوە دوورە، لە چاوەڕووانی ئەوەدابوون پشتیوانی زیاتریان بۆ بێت، تاوەكو بە تەواوەتی دەست بەسەر تكریتدا بگرنەوە، بەڵام پشتیوانی تەواویان بۆ نەهات، لەبەرئەوە كشانەوە، ئێستاش هێزەكانی سوپای عێراق لەدەوروبەری تكریتن".
جبووری سەبارەت بە گرتنەوەی تكریت لەلایەن سوپاوە گوتی "دەكرێت بڵێین چەكدارانی داعش بەبێ شەڕ شوێنی خۆیان چۆڵكرد و بۆ ناوچەی بوعەزیزی رۆژهەڵاتی تكریت كشانەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە "نیو ملیۆن كەس لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارابوون، كە ئەمەش بە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەبوون دێت لەو ناوچەیە بەدرێژایی مێژوو".
لە بەیاننامەیەكیشدا سوپای عێراق رایگەیاند "هێزەكانمان لەچەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر تكریت و توانییان شارەكە بگرنەوە و ئاڵا لەسەر كۆشكەكانی كۆماریی هەڵبدەن و هێزەكان بەردەوامن لە راوەدوونانی داعش".
داعش، كە ئێستا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ رێكخراوی خەلافەتی ئیسلامی لە 11ی حوزەیرانی رابردوو دەستی بەسەر تكریتدا گرت، دوای ئەوەی رۆژێك پێشتر چەند ناوچەیەكی دەوروبەری پارێزگای سەلاحەددینی كۆنتڕۆڵكردبوو.
رووداو
