عێراق گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ چەندین كۆمپانیا واژۆدەكات
تۆڕی هەواڵی (CNN) لە سەرچاوەیەكی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان گواستوویەتییەوە: "حكومەتی عێراق گرێبەستی دامەزراندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەكی نوێ و پێشكەوتووی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بەم بوارە واژۆكردووەو ئێستاش چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو چەكانە دەكات".
هەورەها سەرچاوەكەی نووسینگەی تایبەتی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق گەیشتنی بڕێك چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی ئاشكراكردووەو دەشڵێت "ئەو چەكانە بەشێكن لەو گرێبەستانەی عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێك واژۆی كردوون".
دەمێكە عێراق چاوەڕێی گەیشتنی چەك و تەقەمەنی ئەمریكی دەكات كە فڕۆكەی جەنگیش لەخۆ دەگرێت، بەڵام رەوشی سیاسی واشنتن و بەغدا هۆكاری دواكەوتنی رادەستكردنی ئەو چەكانەیە كە عێراق لە ئەمریكای كڕیون، هاوكات بە مەبەستی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەم دواییانە رووسیا چەند فڕۆكەیەكی جەنگی داوەتە عێراق.
رووداو
