جەعفەری: دوژمنانی عێراق لە كوردستانەوە سەرپەرشتی كاری تێكدەرانە دەكەن
ئیبراهیم جەعفەری ، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی لیستەكەی، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ "دوژمنانی عێراق سوود لە كەشی ئارام و ئازادی كوردستان وەردەگرن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو كارە تێكدەرانانەی ئامانجیان سەرجەم عێراقە". ئەو هەروەها گلەیی دەكات لەوەی لە ناوچە دابڕێنراوەكان رێگە بە چالاكی سوپا نادرێت.
جەعفەری دەڵێ "لە ناوچە هاوبەشەكاندا كە رووبەڕووبوونەوەی رێكخستنە تیرۆریستییەكانیان تێدایە، رێگری دەكرێت لە جووڵەی ئازادانەی هێزە عێراقییەكان".
جەعفەری گلەیی لە دۆخی ئاوارەكانیش هەیە و دەڵێت "ئاوارەی شارە وێرانبووەكان بەدەست خراپی ئەداكردنەوە دەناڵێنن، بەجۆرێك لەمپەر دەخرێتە بەردەم جووڵە و گەیشتنیان بە ناوچە ئارامەكان و لە دۆخێكی ئەمنی و تەندروستی و كەشوهەوای ناهەمواردا دەژین".
ئیبراهیم جەعفەری هۆشداریی داوە لە هەوڵی درووستكردنی قەیران لەنێوان شیعە و سوننە، كورد و عەرەب و لەنێوان هێزە نیشتیمانییە جیاوازەكاندا.
ئەم لێدوانەی جەعفەری دوای ئەوەدێت، كە چوارشەممە 9ی تەمموز نووری مالیكی هەرێمی كوردستانی بە پەنادانی داعش و بەعسییەكان تۆمەتبار كرد.
رووداو
