"دەوڵەتی یاسا رازی بووە مالیكی كاندید نەكاتەوە"

شەوی رابردوو تاوەكو درەنگانی شەو كۆبوونەوەی كوتلەی هاوپەیمانی نیشتمانی، كە هێزە شیعەكان لەخۆدەگرێت بەردەوامی هەبوو، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە كۆبوونەوەكە دزەیان كردووە، ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا كە نو‌وری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، دەستی لە بڕیارەكەی هەڵگرتووە بۆ دانانەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ جاری سێیەم، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆكایەتی وەزیران هەر لەلای خۆیان بمێنێتەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش هاوپەیمانی نیشتمانی و نو‌وری مالیكی لە پەرلەمانی عێراق، جارێكی دیكە كۆبوونەوە.

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، كە چەند ساڵێكە دیداری سەركردە سیاسییەكانی عێراقی رەتكردووەتەوە، نێردراوێكی خۆی ناردووەتە كۆبوونەوەكە و دوا رای خۆی پێ راگەیاندوون، كە لەگەڵ ئەوەدا نییە مالیكی پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست.

ئەو رووداوانە لە كاتێكدان دوێنێ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداری دا ئەگەر پەلە نەكرێت لە پێكهێنانی حكومەت، بارودۆخی عێراق بەتەواوەتی تێكدەچێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بۆ رۆژنامەی حەیاتی ئاشكراكردووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر هەموو پۆستەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.







رووداو
Top