UN بە ترسەوە لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق دەڕوانێ
نیکۆلای ملادینۆف، نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا هانی سەرجەم پەرلەمانتارانی عێراقی داوە بەشداری لە دانیشتنەکەی سبەینێدا بکەن و رایگەیاندووە، کە هەنگاوی یەکەمی رێککەوتن لەسەر پۆستەکان کاتێک دەستپێدەکات کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنەکەی سبەینێدا هەڵببژێردرێ.
ملادینۆف دەڵێ شکستهێنان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، ئەو وڵاتە بەرەو پشێوی دەبات، جەختیشیکردووەتەوە کە "ئێستا کاتی گۆڕینەوەی تۆمەت نییە".
بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق دانیشتنێکی دێکە سازبکات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام دانیشتنەکە لە کاتێکدا سازدەکرێ کە هێشتا رێککەوتنی پێشوەخت لە نێوان لایەنە براوەکان نەکراوە لەسەر هەرسێ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار حکومەت و پەرلەمان، زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدا نین نووری مالیکی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران و داواش لە لایەنە شیعەکان کراوە کەسێکی دێکە لە شوێنی ئەو دیاری بکەن، بەڵام مالیکی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی ویلایەتی سێیەمی حکومەت، چونکە بە بەراورد بە لایەنەکانی دیکە خاوەنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانە.
رووداو
