"شەیتانە زیرەکەكە" دەبێتە داعش و دێتە عێراق

ئاژانسەكانی هەواڵی بەریتانیا، باس لە هاتنی یەكێك لە زیرەكترین كەسی نێو رێكخراوی قاعیدە دەكەن بۆ عێراق، كە پسپۆڕی دروستكردنی بۆمب و تەقەمەنییە. هەروەها ئاشكرایان كردووە ئەو كەسە كە بە "شەیتانە زیرەکەكە" ناسراوە نیازی پەیوەندیكردنی بە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش هەیە.

ئەو كەسە، كە لەساڵی 2001 بەدواوە چووەتە نێو لیستی داواكراوەكانی هەواڵگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ناوی ئیبراهیم حەسەن ئەل ئەسیرییە و ئەمریكییەكان پێی دەڵێن "شەیتانە زیرەکەكە".

كیمیاگەرێكی سعودیە و دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا پێیانوایە سەرەكیترین كەسی نێو رێكخراوی ئەلقاعیدەیە كە پسپۆڕی بواری دروستكردنی تەقەمەنییە و ئامادەسازیی و پلانی دروستكردنی بۆمب و شێوازی چاندنی بۆمبەكان لە كردەوە خۆكوژییەكان و هێرشەكاندا بە راوێژی ئەو كراون.

لە ئاژانسەكانی هەواڵی بەریتانیا باس لەوەش كراوە، ئەسیری تەنانەت شیوازێك لە چاندنی بۆمبی هێناوەتە ئاراوە، كە دەتوانێت بۆمب لەناو جەستەی مرۆڤدا بچێنێت و دەزگا ئەمنییەكانیش نەتوانن ئاشكرای بكەن، ئەمەش نیگەرانییەكی زۆری لەنێو وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا دروستكردووە و ئاژانسەكان باس لە مەترسی ئەوە دەكەن، بەهۆی كارەكانی ئەسیرییەوە، جیهادییەكانی ئەوروپا، ئەوانەی كە هەڵگری پاسپۆرتی ئەوروپین، بە چاندنی ئەو جۆرە بۆمبە فڕۆكە ئەوروپییەكان بكەنە ئامانج و كاری خۆكوژی ئەنجام بدەن، هەربۆیە فڕۆكەخانەكانی ئەوروپا لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەوە، رێوشوێنی ئەمنی تو‌وندتریان تێدا گیراوەتەبەر.

بەگوێرەی راپۆرتەكان، ئەسیری لەم ماوەیەی دواییدا لە یەمەن بووە و لە چەندین هێرشی درۆنزەكانی ئەمریكا رزگاری بووە، تەنانەت لە مانگی نیسانی رابردوودا باس لە كوژرانی كراوە، بەڵام دواتر دەركەوتووە كە رزگاری بووە و لە كارەكانی خۆی بەردەوامە.

هەندێك لە ئاژانسەكانیش باسیان لەوە كردووە، تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا ئێستا بۆ بەرگرتن لە مەترسی پلانە خۆكوژییەكانی ئەسیری پێكەوە دەستیان بە كاركردن كردووە.

ئەسیری تەمەنی 32 ساڵە و لە ریازی پایتەختی سعودیە لەدایك بووە و لە زانكۆی ریاز زانستی كیمیای خوێندووە. ماوەیەك لە عێراق بووە و لە جەنگی دژ بە سوپای ئەمریكا بەشداری كردووە. ئەسیری راهێنانی بە چەندین كەسی تایبەت لە بواری دروستكردنی بۆمب و تەقەمەنی كردووە كە ئێستا لە سووریا و عێراق كاردەكەن. دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەو لە بواری بۆمب دروستكردندا گەیشتووەتە ئاستێك بۆمب لە مادەی ناكانزایی دروست دەكات و ئاشكراكردنی ئاسان نییە.

یەكێك لەو كارانەی ئەسیری كە میدیاكان زۆر باسیان لێوەكردووە، كردەوە خۆكوژییەكەی ساڵی 2009ی سعودیە بووە، كاتێك بۆمبێكی لەناو جەستەی براكەی خۆیدا چاندبوو، دەزگا ئەمنییەكانیش نەیانتوانی ئاشكرای بكەن و براكەی لەو هێرشەدا خۆی تەقاندەوە.





رووداو
Top