سێ لایەنی بەهێزی شیعەی عێراقی دژی مالکین

سێ لایەنی بەهێزی شیعەی عێراقی دژی مالکین
لایەنە سیاسیە بەهێزەکانی شیعەی عێراق، دژی ئەوەن مالکی بۆ جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک‌وەزیرانی ئەم وڵاتە کاندید بکاتەوە.



لایەنەکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، رەوتی سەدر و ئیئتلافی وەتەنیە ئەم سێ لایەنە شیعەیەی گۆرەپانی سیاسیی عێراقن کە دژی ئەوەن مالکی بۆ جاری سێیەم بە ترۆپکی دەستەڵاتی سیاسیی عێراق بگاتەوە و هوشداری دەدەن کە مانەوەی مالکی دەبێتە هۆی دابەشبوون و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراق.



ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی ئیئتلافی وەتەنییە ئەستەمبوڵی لە تورکیاوە، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت: کاتی ئەوە گەیشتووە مالکی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بکشێتەوە و ئەگەر لەسەر دەستەڵات بمێنێتەوە، عێراق بەرەو دابەشبوون دەڕوات.



عەلاوی کە وەک سیاسییەکی شیعەی عەلمانی ناسراوە، لانەنگرانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقدا ٢١ کورسیان بردووەتەوە. عەلاوی گوتی لە سەردەمی دەسەتەڵاتداریەتیی مالکی دا سوننەکان لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە دەرکران.



بە گوتەی عەلاوی، سەرنەکەوتنی پەرلەمانی نوێی عێراق لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەماندا، زۆر مەترسیدارە و هەروەها دەڵێت پێویستە لە نێوان داعش و داخوازیی سوننەکانی عێراقدا جیاوازی دابنرێت.



بە پێێ هەواڵێکی "ئەلعەرەبییە"، دوو لایەنی د یکەی شیعەش کە ئەنجومانی باڵای ئیسلامی و رەوتی سەدر لە خۆ دەگرێت، بە توندی دژی مانەوەی مالکین.



عەلی بەشیر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، دوێنێ شەممە، گوتی: "مانەوەی مالکی لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا کێشە و قەیرانی عێراق زیاتر دەکات و ئەوە لەکاتێکدایە کە مەرجەعی شیعەکانیش خوازیاری گۆڕینی دەستەڵاتدارییەتیی عیراقە".



بەرلەمانە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدریش داوای لە نوری مالکی کردبوو خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەپاڵێوێتەوە.
Top