سەدر: سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە دەوڵەتی یاسا دەبێ
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری شیعە مەزهەب لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەبێ، چونکە دەوڵەتی یاسا گەورەترین پێکهاتەی نێو هاوپەیمانی نیشتمانییە، بەڵام دەبێ دەوڵەتی یاسا کاندیدێک جگە لە نووری مالیکی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات".
موقتەدا سەدر گوتیشی "رێگەچارەی سیاسی گونجاو تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی گەلی عێراق و کۆتاییهێنانن بەو جەنگەی کە ئێستا لەعێراق بەرپا بووە".
رابەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشدا، کە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "بەهۆی سەرکێشییەکانییەوە عێراقی گەیاندە قەیران و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆ، جگە لەوەی دادگای فیدراڵی هاوکاری بوو لە گۆڕینەوەی گەورەترین فراکسیۆن بە گەورەترین هاوپەیمانی".
ئەم لێدوانەی رابەری رەوتی سەدر لە کاتێکدایە نووری مالیکی لە دوایین لێدوانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق نابێ، مەگەر بەو مەرجە نەبێ کاندیدی داهاتوو کەسایەتییەکی دیکە بێ لە دەوڵەتی یاسا.
رووداو
