"شۆڕشگێڕانی هۆزەکان": ئێستا لە دەوروبەری بەغداین و حکوومەتی(مالیکی) دەڕووخێنین
(ئەبو عەبد ئەلنعێمی) بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "شۆڕشگێڕانی هۆزەکانی عێراق دەستیان بەسەر شاری تکریت و قەزا و ناحیەکانیدا گرتووە، تەنیا سامەڕا نەبێت"، ئاماژەیشی دا "ئەوەی مێدیاکانی حکوومەت هیی(مالیکی) باسی دەکەن کە گوایە داعش تکریتی کۆنترۆڵ کردووە ڕاست نییە"، ڕەتیشی کردەوە کە هێزەکانی حکوومەت چووبێتنە ناو شاری تکریتەوە.
(نعێمی) زیاتر ڕوونی کردەوە "ئێمەی عێراقی لەگەڵ گەلەکەمان عەرەبی شیعە و سوننە، هەروەها کورد، تورکمان و مەسیحییەکانین، نایشمانەوێت حوکمێکی تاییفی دابمەزرێنین وەک ئەوەی (مالیکی) و گرووپەکەی کردیان، کاتێک ئامانجەکەیشمان پێکا، بەرەوڕووی ڕێکخراوی داعش دەبینەوە و عێراقیش لە دەست (مالیکی) دەردێنین."، وەک ئەو دەڵێت "هۆکاری هەموو ئەو بەڵایانەی بەسەر عێراقدا هاتوون، حوکمی تاییفییە کە بەرەنجامی کارەکانی سەرۆکوەزیرانەکەیەتی کە دەیتوانی گوێ لە خواستە ڕەواکانی سوننە بگرێ و وڵات ڕزگار بکات."
ئەو گوتەبێژەی شۆڕشگێڕانی هۆزەکان هاوکات دەڵێت "ئێمە بە تەنیا بە انوی سوننەوە ناجەنگین، بەڵکو نوێنەرایەتیی هۆزەکانی فوراتی نێوەڕاست و باشووریش دەکەین و ئەوانیش پشتیوانمانن و لەگەڵمانن"، گوتیشی "هێزگەلێکی زۆری دیکەیش لە نێو پایتەخت لە ئامادەباشیدان و بە چوونمان بۆ نێو بەغدا پێوەندی بە چەکدارانمانەوە دەکەن کە ئەفسەری سوپای ئێستای عێراقیش لە نێویاندا هەن."
لای خۆیانەوە بەرپرسانی عێراقی ئەمەریکایی دەڵێن، چەکدارانی سوننە لە هەوڵی هێرشکردنە سەر بەغدان و ئەو شانە چەکدارانەیشی کە بە نێو پایتەختدا بڵاو ببونەتەوە، لە سەعاتی سفردا بۆ هاوکاریی چەکداران ڕادەپەڕن."
