سوپای عێراق شارەدێی مەنسووڕییە كۆنتڕۆڵ دەكاتەوە
موقەدەم غالیب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێوەیەكی گشتی رەوشی پارێزگای دیالە ئارامەو چەند رۆژێكیشە لە شارەدێی عوزێم هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و گرووپە چەكدارەكان رووینەداوە".
موقەدەم غالیب گوتیشی: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 3/7/2014 سوپای عێراق تەواوی شارەدێی مەنسووڕییەو ناوچەی شۆهانی و ژمارەیەك گوندی دیكەی دەوروبەری ناوچەكەی كۆنتڕۆڵكردووەتەوەو لە ئاكامدا 14 چەكدار كوژراون و 15 ئۆتۆمبێلیشیان سووتاون، هەروەها دەستیش بەسەر بڕێك چەك و تەقەمەنیدا گیراوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دیالە دەشڵێت: "گرووپە چەكدارەكان زیاتر لە شارەدێی عوزێم و گوندەكانی باكووری شارەدێی میقدادیەو شارەدێی سەعدیە بڵاوبوونەتەوە".
سەبارەت بە ئاوارەكانیش، موقەدەم غالیب گوتی: "هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كۆچبەران و رێكخراوی مانگی سوورو ئەنجوومەنی ناوخۆ هەیە بۆ ئاسانكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سەربازگەو كەمپەكانی شارۆچكەی خانەقین و ناوچەكانی دیكە".
پارێزگای دیالە رۆژانە كردەوەی تووندوتیژی بەخۆیەوە دەبینێ و ناوناوەش گرووپە چەكدارەكان هەڵدەكوتنە سەر ناوچەیەك و كۆنتڕۆڵی دەكەن تاوەكو ئێستاش شارەدێی سەعدییەو چەندین ناوچەی دیكەی سەر بە پارێزگای دیالەیان كۆنترۆڵكردووە.
رووداو
