قاسم عەتا: رەوشی پارێزگاكانی باشوور سەقامگیرە

 قاسم عەتا: رەوشی پارێزگاكانی باشوور سەقامگیرە
نووسینگەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایدەگەیەنێ، رەوشی ئەمنی پارێزگاكانی باشوور "تەواو سەقامگیرە".

فەریق قاسم عەتا، گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا رایگەیاند رەوشی ئەمنی پارێزگاكانی باشووری عێراق "بەتەواوی سەقامگیرە و ژیان ئاساییە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "رەوشەكە لەو پارێزگایانە ئاساییە".

لە شەوی رابردووەوە شەڕ و پێكدادان لە نێوان لایەنگرانی مەرجەعی شیعە مەحموود سەرخی و هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگاكانی كەربەلا و دیوانییە روویانداوە، كە چەندین كوژرا و برینداری لێكەوتەوە.

هەندێك لە سەرچاوەكان هۆكاری پێكدادانەكان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە سەرخی ناڕازی بووە لە فتواكەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لەبارەی چەك هەڵگرتن و بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی سوننە.

هێزێكی ئەمنی گەمارۆی ماڵی مەحموود سەرخی داوە، كە بە نیازبوون دەستگیری بكەن، لایەنگرانی ئەو مەرجەعەش روو بە رووی هێزە ئەمنییەكان و لایەنگرانی سیستانی بوونەتەوە.









رووداو
Top