ڕەنگە هەڵکوتانە سەر (سەرخی)، شەڕی شیعە و شیعەی لێ بکەوێتەوە
بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان درەنگانی شەوی ڕابردوو، هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای (سەرخی) و لەگەڵ شوێنکەوتووانی ئەو مەرجەعەدا برەوڕوو بوونەتەوە کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی و ئۆتۆمبێلێکی جۆری هامفیی هێزەکانی عێراقیش سووتاوە.
بەڵام پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە (سەرخی) بڵاوی کردووەتەوە کە، هەڵکوتانە سەر بارەگاکەیان لە کەربەلا، بە هۆی "هەڵوێستە نیشتیمانی"-یەکانییەوە بووە. زیاتر دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانەی لە نێ بارەگاکەدا بوون بێزار و نیگەران کردووە و هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوت و حوسێنییە و دەشڵێت، ئەو مامەڵەیە میلیشیاییە، ئەنجامی هەڵوێستەکانی گەورەمەرجەعی شیعە لە کەربەلا(سەرخی ئەلحەسەنی)-یە، کە دابەشبوونی تاییفی و کوژرانی عێراقییەکان ڕەت دەکاتەوە.
بەوپێیەی کە هێزە ئەنییەکانی حکوومەتی عێراقیش زۆرینەی ڕەهای هەر لە پێکهاتەی شیعەیە و بە هۆی بەرەوڕووبوونەوەیشیان لەگەڵ گەورەمەرجەعی شیعەکان لە کەربەلا، شەڕی شیعە و شیعەی لێ بکەوێتەوە.
ماڵپەڕەکەی مەرجەعەکەی شیعە هاوکات دەڵێت، شکستبردن و خۆڕانەگرییان (مەبەستی حکوومەتی عێراقە) بەرانبەر بە هەڵوێستە نیشتیمانییەکان، بەکرێگیراویی ئەوانی لە لایەن وڵاتانی دیکەوە ئاشکرا کرد، کە بێجگە لە توندوتیژی و خوێنڕێژی بۆ عێراقییەکان شتێکی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێ.
ماڵپەڕەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، جەماوەرێکی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی لە حەرەم و پێگەی مەرجەعی گەورە، کۆ بوونەتەوە و لە شوێنەکانی دیکەیش بە بەسرایشەوە، جموجۆڵ هەیە.
لە ساڵی 2006، پاش هێرشی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شوێنکەوتووانی (سەرخی) هێرشیان کردە سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە شاری بەسرە و بەردبارانیان کرد.
