هەواڵگریى کوردى چۆن زانیویانە داعش موسڵ دەگرێت؟
شەش مانگ لەمەوبەر دەزگا هەواڵگرییە کوردییەکان زانیارییان وەرگرتبوو سەبارەت بە چالاکییە روو لە زیادییەکانى داعش لە ناوچە سنوورییەکانى عێراق-سوریا. پیاوانێکى زۆر لە خێوەتگەى کاتیدا کۆدەبوونەوە و چەک و جبەخانە ئامادە دەکران، وەک ئەوەى خۆیان بۆ جەنگ ئامادە بکەن، ئەو پیاوانە ئەندامانى ئێستاى داعش بوون، کە ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندا بوو، چونکە ئەندامانى خێڵە سوننییەکان کە پێشتر ئەندامى داعش نەبوون بەردەوام پەیوەندییان پێوە دەکردن، هەروەها ئەندامانى پێشووى حیزبى بەعسى عێراقیش دەچوونە ریزەکانیانەوە.
لە سەرەتای مانگى چوارى ئەمساڵدا دەزگا هەواڵگرییە کوردییەکان تێبینى چەندین ئاپۆراى ئۆتۆمبێلیان کردبوو کە چەکدارەکانى داعشیان لە سووریاوە بۆ عێراق دەگەڕاندەوە. داعش لە سووریا سەرنجى بەرەو عێراق دەگۆڕى و بۆ ئەمەش تووڕەیى و نائومێدیى سوننەکانى عێراق هەلومەرجێکى باش بوون بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکات.
لە ناوەڕاستى مانگى نیسان دەزگاى هەواڵگرى کوردى زانیویانە داعش دەیەوێت پەلامارى موسڵ بدات و دوابەدواى ئەوەش بەرەو بەغدا مل بنێت.
سەرچاوەیەک بۆ NBC کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت گوتوویەتى بەرپرسانى کورد ئەو زانیارییانەیان داوەتە جۆ بایدن، راوێژکارى سەرۆک ئۆباما و بەرپرسانى ئەمریکى لە عێراق و نێوەندە هەڵگرییەکانى ئەمریکا.
نێچیرڤان بارزانى داواى لە حکومەتى بەغدا کردووە ئۆپەراسیۆنى هاوبەش لەدژى چەکداران ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە و گوتوویانە هەموو شتێک باشە.
هەر بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەم بابەتە کورد ئۆفەریشیان خستۆتە بەردەم ئەمریکییەکان "ئەمریکییەکان ئارەزوویان پیشاندا، بەڵام بە کردەوە هیچمان نەبینى" بەرپرسێکى باڵاى هەواڵگرى کوردى واى گوتووە کە ئێن بى سى بە روز بەهجەت ناویان هێناوە و دەڵێن یەکێکە لە کەسە هەرە باڵاکانى هەواڵگرى کوردى کە ئێستا سەرگەرمى لێکۆڵینەوەن لە چۆنێتى وەستاندنى شاڵاوى داعش لە سەرتاسەرى عێراقدا.
نێچیرڤان بارزانى دەڵێت "ئەمریکییەکان گوتیان ئەمە بە بەغدا دەڵێین و فشارى دەخەینە سەر بۆ کارکردن، کەچى هیچ رووى نەدا".
بێرنادێت میهان، گوتەبێژى ستافى ئۆباما تایبەت بە ئەنجوومەنى ئاسایشى ئەمریکا رەتیکردۆتەوە لەسەر ئەوە لێدوان بدات کە ئیدارەى ئۆباما هۆشدارییەکانى کوردى بە هەند وەرنەگرتووە، تەنیا گوتوویەتى "بەگشتى رەتیدەکەینەوە کە ئەمریکا ئامادە نەبووە لە بەرامبەر هەڕەشەکانى داعش هیچ کارێک بکات".
رووداو
