سەرۆكایەتی كۆمار داوا لە پەرلەمان دەكات كۆببێتەوە

 سەرۆكایەتی كۆمار داوا لە پەرلەمان دەكات كۆببێتەوە
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، كە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوو بڕیارێكی كۆماری دەردەكات و تێیدا داوا لە پەرلەمانی نوێی عێراق دەكات یەكەم دانیشتنی خۆی گرێ بدات.

خوزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە دوای دیداری لەگەڵ بریت ماكۆرگ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو ستیڤن بیكرۆفت، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە بەغدا دەریكرد، رایگەیاند: "سەرۆكایەتی كۆمار پابەندە بە رێڕەوی سیاسی و دیموكراتی لە عێراق و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو بڕیارێكی كۆماری دەردەكات و تێیدا داوا لە پەرلەمانی نوێی عێراق دەكات یەكەم دانیشتنی خۆی گرێ بدات".

خوزەیر خوزاعی هاوكات داوای لە ئەمریكا كرد لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە زیاتر كۆمەك و هاوكاریی عێراق بكات و رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق كاراتر بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی، كە ئەمڕۆ هەڕەشە لە عێراق دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند لایەنێكی پەیوەندیدار پێشتر رایانگەیاند، كە بڕیارە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە یەكی مانگی تەمووزی داهاتوو یەكەم دانیشتنی خۆی گرێبدات، بە تایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ١٦/٦/٢٠١٤ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی عێراقی پەسەند كرد.

هاوكات بەپێی دەستووری فیدراڵی عێراق ، دەبێ لە ماوەی ١٥ رۆژ لە وادەی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پەرلەمانی نوێی عێراق كۆببێتەوە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی ئەو پەرلەمانە.








رووداو
Top