قاسم عەتا: لەو شوێنانەی پاشەكشەمان كرد بۆی دەگەڕێینەوە

 قاسم عەتا: لەو شوێنانەی پاشەكشەمان كرد بۆی دەگەڕێینەوە
فەریق قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، رایگەیاند سوپا هەڵمەتەكانی بۆ سەر داعش چڕكردووەتەوەو گوتی "ئەو شوێنانەی دوێنێ لە دیالە پاشەكشێمان لێ كردووە، بۆی دەگەڕێینەوە".

قاسم عەتا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا زانیاریی لەبارەی شەڕەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی داعش لە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و بابل خستەڕوو.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی گوتی "لە تكریت 42 چەكداری داعشمان كوشتووەو 13 ئۆتۆمبێلیشمان گرتوون".

راشیگەیاند كە لە پارێزگای سامەڕا سوپای عێراق پێشڕەوییان كردووەو ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارێزگایە لەدەست چەكداران. هەروەها گوتی "فەرماندەیی جزیرە و بادییە بەنیازی هێرشن بۆ سەر خاڵە سنوورییەكانی راوە، عانە و قائیم و هەوڵی تەواو دەدەن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەیان".

قاسم عەتا سوپاسی هۆزەكانی كرد لە یارمەتیدانی سوپای عێراق و رووبەڕوونەوەیان لەگەڵ چەكداران.

بە گوتەی قاسم عەتا لە پارێزگای بابل، كردە سەربازییەكانی بابل هێرشیان كردووەتە سەر شانە نوستووەكانی داعش لەو پارێزگایەو رایگەیاند 10 چەكداریان كوشتووەو دەستیان بەسەر 3 ئۆتۆمبێل و ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیدا گرتووە.

گوتەبێژەكەی مالیكی ئاماژەی بەوەشكرد، كە چەكدارانی داعش دەیانەوێت شێوازی رووبەڕووبوونەوەیان بگۆڕن، بەڵام ئاماژەی بەوەنەكرد بەنیازی چین.

قاسم عەتا ئاماژەی راشیگەیاند، كە لەو شوێنانەی لە پارێزگای دیالە لێی كشاونەتەوە تاكتیكی سەربازیی خۆیان بووەو هێزی پاڵپشتییان بۆ شوێنی دیكە ناردووە و گوتی "لە ئامادەكاریداین بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەو ناوچانە".





رووداو
Top