مالیکی: داعش 175 خوێندکاری کۆلێژی سەربازی کوشتووە

 مالیکی: داعش 175 خوێندکاری کۆلێژی سەربازی کوشتووە
نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بینای ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە شاری بەغدا وتاری هەفتانەی خۆی پێشكەشكردو باسی لە ئاڵۆزییەكانی عێراق كرد.

مالیكی سەرەتای وتارەكەی بە قەیرانی ئەمڕۆی عێراق دەستپێكرد و سەبارەت بە هێرشی چەكداران قسەیكرد‌و ئەوانی بە مافیاو باندی دزیكردن ناوبرد‌و گوتی "هاتنی ئەو چەكدارانە بە هاوكاریی ‌و پشتیوانی وڵاتانی دەرەكی ‌و چەند هێزێكی نێوخۆیی بووە". بەڵام ئاماژەی بە هیچ لایەنێك نەكرد.

سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی چەند شارو قەزاو ناحیەیەكی عێراق لەلایەن چەكدارانەوە، مالیكی گوتی "ئەوەی لە موسڵ و لە ناوچەكانی دیكەی عێراق روویدا نسكۆ بوو، بەڵام هەموو نسكۆیەكیش بەواتای بەزین نایەت".

لە وتارەكەیدا نووری مالیكی بە ئاشكرا رەخنەی لە هەردوو وڵاتی قەتەر و سعودیە گرت و تۆمەتباری كردن بە پشتیوانیكردنی چەكداران ‌و گوتی "عێراق تەسلیمی راگەیاندنی سعودیەو قەتەر نابێت".

مالیكی چەند جارێك ئەم رستەیەی دووپاتكردەوە "هەندێك هێزی نێوخۆی سیاسی هاوكاری جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی بوون"، بۆیە بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێ رووی كردە چەند وڵاتێك و گوتی "ئەو پلانە لە عێراق كۆتایی دێت، بەڵام ئەو تیرۆر و دزی و تاڵانییە ئێوەش دەگرێتەوە".

سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە هاوكات فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە، جارێكی دیكە جەختیكردەوە، كە هەموو ئەو ئەفسەرانە سزا دەدەن كە لە بەرەكانی جەنگ هەڵاتوون.

مالیكی وەڵامی ئەو میدیایانەی دایەوە كە باس لەوە دەكەن پرۆسەی سیاسی عێراق لە مەترسیدایە و گوتی "هیچ مەترسییەك لەسەر پرۆسەی سیاسی نییەو ئێمە بەردەوامین و دەستی لێ هەڵناگرین، بەم نزیكانە یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجام دەدرێ و تێیدا سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی و سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێ".

هەر لە میانی وتارەكەیدا نووری مالیكی هەڵوێستی خەڵكی عێراقی بەرزنرخاند بە خۆناونووسكردنیان بۆ ریزەكانی سوپا لەپَناو رووبەڕووبوونەوەی چەكداران و گوتی "ئەمە باشترین وەڵامە بۆ چەكدارەكان".

مالیكی هەروەها ستایشی رۆڵی هۆزەكانی كردو رەتیكردەوە چەكداران سەر بەوان بن و گوتی "هیچ هۆزێك پارەی بانكەكانی عێراق نادزێت، هیچ هۆزێك 157 خوێندكاری كۆلێژی سەربازی ناكوژێت". بۆیە داوایكرد هۆزە عێراقییەكان خۆیان لە چەكدارانی داعش بێبەری بكەن.








رووداو
Top