داعش بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: تۆبە بكەن

 داعش بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: تۆبە بكەن
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، تاكە رێگەچارە بۆ دۆخی ئێستای عێراق، لادانی نووری مالیكییە لە پۆستەكەی، چونكە داعش تەنیا بۆ دژایەتیی مالیكی هاتووەتە ناو مووسڵ. گوتیشی، داعش داوای لەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كردووە، کە تاوانی نیشتیمانییان ئەنجام نەداوە، بگەڕێنەوە و تۆبە بكەن.



ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ غەزوان حامید، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: بارودۆخی مووسڵ تا ئێستا وەك خۆیەتی و چەكدارانی داعشیش سەرقاڵی دانانی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵن و بەغدایش بێهەڵوێستە.

غەزوان گوتیشی: داعش داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كردووە، ئەوانەی هیچ تاوانێكی نیشتیمانییان ئەنجام نەداوە، بگەڕێنەوە بۆ مووسڵ و تۆبە بكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ زیاتر گوتی: هۆكاری تێكچوونی رەوشی پاێزگای مووسڵ نووری مالیكییە، بۆیە ئەگەر پەرلەمان كۆ ببێتەوە و تێیدا متمانە لە مالیكی وەربگرێتەوە، بارودۆخی عێراق ئارام دەبێتەوە، چونكە داعش بە مەبەستی دژایەتیكردنی مالیكی هاتوونەتە مووسڵ.
Top