كورد دەنگ بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراقدا نادات

 كورد دەنگ بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراقدا نادات
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەسەر دۆخی ئێستای مووسڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ساز بكات و هاوپەیمانیی كوردستانییش دەڵێ، دەنگ بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی نادەن.

دوای ئەوەی دوێنێ شەو بەشێك لە سەركردەكانی عێراق لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری كۆ بوونەوە، بڕیار درا ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی ساز بكات. گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی موئەیەد تەییب، بۆ kdp.infoئەوەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند كە، چاوەروان دەكرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ساز بكات.

تەییب ئاشكرایشی كرد كە هاوپەیمانیی كوردستانی بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكات، بەڵام بە گوتەی ئەو دەنگ بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراقدا نادات.

گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران لە بەغدا نین و ئەگەری تەواوبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانیش ئەستەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا كوردەكان بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكەن و قسەی خۆیشیان لەسەر دۆخی ئێستای مووسڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەن، بەڵام دەنگ بە راگەیاندنی باری نائاسایی نادەن، كە نووری مالیكی داوای دەكات.
Top